Shaqam.Net - Content 


گه رانه وه بۆ یه كه م په ر

په‌ری یه‌كه‌م

په‌یوه‌ندی

ریكلام

پرۆژه‌ وێنه‌ى شه‌قام




لیستی سه‌ره‌كی
به‌سته‌ری خێرا
لاپه‌ره‌ی یه‌كه‌م
به‌شی هه‌واله‌كان
به‌شی به‌كارهێنه‌ران
گشتی
خزمه‌ت گوزاری سایت



ڕاپرسی
گۆڤارى شه‌قام چۆن ده‌بینیت؟

باش
خراپ
مام ناوه‌ند



ئه‌نجام
ده‌نگه‌كان

ژماره‌ی ده‌نگه‌كان: 542
پێشنیاره‌کان : 4



ئەرشیف

ژمارە170

ژمارە169

ژمارە168

ژمارە167

 

ژمارە166

 

ئه‌رشیفی گشتی



حوسێن یەزدانپەنا بۆ (شەقام):ئیتلاعات لە هەرێمی كوردستان لە شێوەی بازرگانی كاردەكات و ماددەی هۆشبەر بڵاودەكاتەوە




حوسێن یەزدانپەنا بۆ (شەقام):
ئیتلاعات لە هەرێمی كوردستان لە شێوەی بازرگانی كاردەكات و ماددەی هۆشبەر بڵاودەكاتەوە


 



حوسێن یەزدانپەنا جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان لەدیدارێكی تایبەتی گۆڤاری (شەقام) تیشك دەخاتەسەر رەوشی سیاسی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات‌و چالاكی‌و ئامانجەكانی ئیتلاعات لە كوردستان، بە پێی زانیارییەكانی حوسێن یەزدان پەنا ئیتلاعات ئێستا لە كوردستان لە شێوەی بازرگانی كاردەكات و بۆ ئەمەش لایەنی باشووری كوردستان یارمەتیان دەدات، سەرەكیترین كاریشیان بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكانە...



دیداری. تایبەت بە(شەقام) :



شەقام: رۆڵی سیاسی حزبە رۆژهەڵاتیەكان لە ئێران زۆر لاواز دەبینرێ، تا ئاستی نەبوونی، هۆكاری ئەمە چییە؟
حوسێن یەزدانپەنا: ئەوە راست نیە رۆڵی سیاسیمان نەبێت، بەڵام ئەمە پەیوەستە بەنێوخۆی وڵات واتە رۆژهەڵاتی كوردستان. حزبەكانی رۆژهەڵات لەدەرەوەی خەڵك نین، هێز ‌و وزە‌و سەرچاوەكانی زانیاریمان بەخەڵك بەستراوەتەوە، ئەو جەماوەرەش بەشداری سیاسییان لەدەوڵەتدا نییە، بەڵام وەك ئۆپۆزسیۆن كاری سیاسی دەكەن، بۆیە دابڕاو نین.
شەقام: بۆ نەتوانراوە حزبێكی سیاسی پێكەوە بنێن لە سیستەمی سیاسی بەشداربێت ؟
حوسێن یەزانپەنا: ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ جۆری سیستەمی سیاسی لە ئێران، چونكە ئێران جگە لەوەی داگیركەری كوردستانە، لەهەمان كاتدا دیكتاتۆریشە. بەڵام بۆ نموونە لە توركیا بەمجۆرە نییە، دەوڵەت ‌و سیستەمە سیاسییەكە جۆرێك دیموكراسیەتی هەیە، لە هەمان كاتیشدا توركیا داگیركەری خاكی كوردستانە.
شەقام: ئەی لەهەرێمی كوردستان بۆ بەشداری سیاسیتان نییە، ئەمە ویستی پارتی‌و یەكێتییە یان پاڵەپەستۆی ئێرانە؟
حوسێن یەزدانپەنا: راستە لە باشوور بەشداری سیاسیمان نییە، ئەمەش نەك خۆمان نەمانەوێ، ئەگەر هەلومەرج گونجاو بێ، بە شانازییەوە هەر ئەركێك بكەوێتە ئەستۆی ئێمە قبوڵمان دەكرد. بەڵام ئەوە ئێمە نین كە ئەو بڕیارە دەدەین، ئەوە سەركردایەتی سیاسی كوردە لە باشووری كوردستان، دیارە ئەوانیش ئەم بارودۆخە بە لەبار نابینن، پێدەچێ لەحاڵەتێكی وادا بكەونەبەر پاڵەپەستۆی توركیا‌و سوریا‌و ئێران، بەڵام هیچ بەربەستێك لەپێشماندا نییە بۆ چالاكی سیاسی. راستەیەكیش هەیە ئەم حكومەتی هەرێمە، تەنها بەموڵكی كوردی باشووری نازانین، ئەمە بەبەری خەباتی سەد ساڵەی كوردی دەزانین، بۆیە پاراستن‌و مانەوەی بەئەركی خۆمان دەزانین، لەبەر ئەوەی بەهۆی ئەم حكومەتەوە كورد لە رەوشێكی تردایە، بۆیە ئەگەر ئەزموونی كۆماری كوردستان خوانەخواستە لێرە دووبارە بێتەوە، لەهەموو كورد دەقەومێت. لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئێمە قوربانیشمان بەخەباتی خۆمان دابێت بۆ ئێمە جێگەی شانازییە، هەموو هەوڵێكمانداوە بیانوو نەدەینە دەست ئێران، بۆ لێدانی هەرێم. بەڵام ئەگەر هەلومەرج بێتە پێشەوە ئەم بیانووانە نەمێنێ، دەتوانین دەست بكەینەوە بەخەباتی چەكداری.
شەقام: بەسوود وەرگرتن لەم ئارامییە، بۆچی پڕۆژەیەكی نەتەوەییتان نیە؟ مەبەستم بنیادنانی پەیوەندی لەگەڵا حزبەكانی كوردستانە؟.
حوسێن یەزدانپەنا: لەگەڵا دابەشبوونی خاكی كوردستان، بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردیش وەك خاكەكەی دابەشی چوار پارچە بووە، هەر پارچەیەك تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەگەرچی لەناوكی مەسەلەكەدا یەك مەبەستیان هەیە، ئەمانەش پەیوەندی بەستراكتۆری دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستانەوە هەیە، ئەمە یەكێكە لەهۆكارەكان. لەگەڵا ئەوەی پڕۆژە نییە، بەڵام پەیوەندی حزبە كوردستانیەكان لەئاستێكدایە پێشووتر نەبووە، سوود لەئارامی كوردستان وەرگیراوە، ئەوەتا پەیوەندی سیاسی لەنێوان حزبەكانی رۆژئاوا ‌و رۆژهەڵاتدا هەیە، بەڵام نەچۆتە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی رێكخراو كە ئەرك‌و مافەكان دیاری بكرێن، بەڵام هەنگاو بۆ ئەمە هەڵگیردراوە. پڕۆژەی نەتەوەییش لەئیمكانیات‌و دەسەڵاتی سیاسی كوردی باشوورە.
شەقام: ئەی لەبارەی ناوخۆی خۆتانەوە؟
حوسێن یەزدانپەنا: لەوەدا لەگەڵتم، دەبووایە سوود لەم ئارامیە‌و ئەزموونی كوردستان وەربگرین، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئامانجەكانمان. ئەم پەرش‌و بڵاویەی بزووتنەوەی كوردی بەشێك بووە لەمێژووی ئەم نەتەوەیە, بەر لەچەند ساڵێك نزیكبوونەوەیەك هەبوو، بەڵام دواتر ئەم جیابوونەوانەی لە ریزی حزبەكاندا روویدا ئەو پرۆسەیەی پەكخست.
شەقام: كەواتە لەبڕی ئەوەی سوود لەم ئارامیە وەربگیردرێ، ئەو ئارامیە بووە هۆی باڵباڵانێ‌و ئینشقاق لەڕیزی حزبەكانی رۆژهەڵات؟ ئەمە بۆ هۆكاری دەرەكی یان پارتی‌و یەكێتیی دەگەڕێنیتەوە؟
حوسێن یەزدانپەنا: ناتوانم بڵێم دەستی دەرەكی تێدابووە، بەڵام دڵی دەرەوەی لەگەڵا بووە، هۆكار دەرەوە‌و پارتی‌و یەكێتی نییە، بەڵكو ناكۆكی خودی حزبەكان بوون، بۆیە خۆیشیان لێی بەرپرسیارن، سەرەكیترین هۆكاریش دەسەڵات‌و پۆست بوو.
شەقام: جگە لەم دوو هۆكارەی باستكرد، ئاماژەیەكی زۆر‌و ئاشكراش بۆ رۆڵی ئیتلاعات لەم مەسەلەیە دەدەن؟
حوسێن یەزدانپەنا: دوژمنەكانی ئێمە پڕۆژە بۆ ئەوە دادەنێن لەریزی حزبێكی خەباتگێڕ‌و سیاسیدا چەند دەستەیی‌و دووبەرەكی‌و ترازان ببێت، ئەمە قابلی گلەیی نییە چونكە دوژمنتە، ئێمە زانیاری ئەوەمان هەیە. بەڵام بڵێی ئاكامی ئەم جیابوونەوانە سەركەوتنی پڕۆژەی ئەوانە‌و لایەك لەلایەنە جیابووەكان بە پڕۆژەی ئەوان كاردەكەن، لەگەڵا ئەمەدا نیم. لەهەمان كاتدا دوور نیە لەریزەكانی خوارەوەی لایەنە ناكۆكەكان سیخوری دام‌ودەزگای ئێرانی هەبووبێ‌و ئاژاوە‌و توندوتیژیەكەی خۆشتر كردبێت.
شەقام: لەئێستادا رۆڵا‌و چالاكی ئیتلاعات لەهەرێمی كوردستان لەچ بارێكدا دەبینی؟
حوسێن یەزدان پەنا: بێگومان ئیتلاعات لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە ‌و چالاكی خۆی هەیە، لە شێوەی بازرگانی‌و هاتوچۆ، بەڵام دەست‌و باڵیان ئاواڵا نییە وەك سەردەمی شەڕی ناوخۆ. بەقەناعەتی من لەسنوورێكی دیاریكراو زیاتر رێگەیان پێ نادرێت چالاكی ئەنجامبدەن.
شەقام: كێ رێگەی پێ نادات؟ كەواتە ئەو چالاكیەی تۆ باسی لێوەدەكەی پارتی‌و یەكێتیی وەك دوو حزبی دەسەڵاتدار كە حكومەتیان پێكەوەناوە ئاگادارن؟
حوسێن یەزدانپەنا: رەنگە هەندێكی ئاگاداربێت ‌و هەندێكی نهێنی بێت. ئەوەی ئاگادار بێت، دیارە دام‌ودەزگای حكومەتی هەرێم نابێ نەزانێ كە دەوڵەتێكی وەك ئێران رەنگە زۆرجار لە قالبی پڕۆژەیەكی بازرگانی بیەوێت نفوزی لەهەرێمی كوردستان بەهێز بكات، ئەوەی كە نهێنیشە لەبەر ئەوەی رێگەیان پێ نادرێ بەئاشكرا بیكەن، هێندە نهێنی دەمێنێتەوە ئیتر دەستواڵایی تێدا نامێنێتەوە‌و بەرهەمەكەشی هێندە زۆر نییە كە ئەوەی خۆی دەیخوازێ بەدەستی بهێنێت.
شەقام: بەگوێرەی زانیاری ئێوە ئەوان چ كارێك دەكەن‌و ئامانجیان چیە؟
حوسێن یەزدانپەنا: ئەوەی دەیانەوێ، لەگەڵا ئەوەی دەیكەن دووشتی جیاوازە، ئەوان نایانەوێت كیانی كوردی هەبێ‌و ئارامی هەبێ‌و ئاشتی‌و تەناهی لەنێوان چین‌و توێژەكانی كوردستاندا هەبێ، نایانەوێ هاوكاری‌و پێكەوە كاركردنی سیاسی‌و رێككەوتنی سیاسی لەنێوان كوردی باشووردا هەبێت. لە رابردووشدا چەند پێیانكرابێت هەوڵی بەدیهاتنی ئەم ئامانجەی خۆیانیان داوە.
شەقام: سەركەوتوو بوونە؟
حوسێن یەزدانپەنا: لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا رۆڵیان هەبوو، لە توند‌وتیژبوونی كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی، بە هەموو شێوەیەك هەوڵیان دەدا زۆرترین كورد بكوژرێت، بەداخەوە ئەمە جۆرێكە لەسەركەوتن. بەڵام دوای ئاشتبوونەوەی پارتی‌و یەكێتیی‌و یەكگرتنەوەی دوو ئیدارەكە، ئیتلاعات نەیتوانی وەك پێشووتر لە كەلێنی نێوان هێزە سیاسییەكان یاری بكات، ئەمە بەم مانایەش نییە دەستیان هەڵگرتووە، پڕۆژەی ئێستای ئەوان كە كاری بۆ دەكەن‌و خەرجی بۆ دەكەن ‌و پیلانی بۆ دادەنێن، بڵاوكردنەوەی ماددە بێهۆشكەرەكان لە هەموو عێراق بە گشتی‌و كوردستان بە تایبەتی، ئەمە چەكی ئێستای ئەوانە، ئەم چەكەش لە كیمیایی‌و تۆپباران مەترسیدارترە چونكە بكوژ دیار نییە، ئەمە كارێكی سیاسی دوژمنكارانەیە لە قالبێكی بازرگانیدا.
شەقام: ئیتلاعات لە رێگەی كێیەوە تلیاك رەوانەی كوردستان دەكات؟
حوسێن یەزدانپەنا: دام‌ودەزگاكانی دەوڵەتی ئێران لەساڵی (1991)ەوە هەوڵیان بۆ داوە، ئەمیش دوای ئەوەی توانی پیلانەكەی لەكوردستانی رۆژهەڵات سەركەوتووانە كۆتایی پێ بهێنێ، لەساڵی (2003) هەوڵەكانی زیاتر بووە، یەكێك لە رێگەكان ئەو كەسانەن لەكوردستانی ئێران دەگەڕێنەوە كوردستان، هەشیانە كوردی رۆژهەڵاتە.
شەقام: بەگوێرەی زانیاری ئێوە بازرگانەكانی كوردستان ئەم كارە دەكەن؟
حوسێن یەزدانپەنا: هەن، بەڵام كەمتر. نەبۆتە دیاردە بەڵام یەكێكە لە رێگەكان.
شەقام: با بگەڕێینەوە سەر ئیتلاعات، لایەن‌و هێزی سیاسی هەیە لەئاستی كوردستانی هاوكارییان بكات؟ ئەم هاوكارییە‌و لەچ ئاستێكدایە‌و چۆنە؟
حوسێن یەزدانپەنا: پێموایە لایەن هەیە هاوكارییان دەكات، لە ریزی هەندێك لایەنی تریش خەڵكێك هەیە هاوكاریان دەكات. نامەوێت ناوی هیچ لایەنێك بهێنم، بەڵام لایەنی سیاسی باشوور هەیە، ئەم كارە دەكەن، لە راستیدا ئێران كاریگەری زۆری لەسەر هەڵوێستی سیاسی‌و جموجۆڵی سیاسیان هەیە، ئەو لایەنانە لە رووی ماددیەوە هاوكاری دەكرێن، ئەو شتانەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێ كارئاسانی زۆریان بۆ دەكرێ، لەبەرانبەر ئەمەدا ئەو لایەنانەش كار بۆ ئێران دەكەن، پەیوەندیشیان لەگەڵا دام‌ودەزگا ئەمنیەكانی ئێرانە لەوانە قەرارگەی رەمەزان‌و ئیتلاعات، هەشە لەئاستی باڵا، پەیوەندییەكان دوو بەشن.
شەقام: دام‌ودەزگاكانی ئێران داوای چ هاوكارییەك لەم لایەنە سیاسییانە دەكەن؟
حوسێن یەزدان پەنا: دوو هاوكاری سەرەكیان گەرەكە، یەكێكیان هەڵوێستی سیاسی ئەو هێزانە بەجۆرێك بێت، بەرژەوەندییەكانی ئێرانی تێدا دابین بكرێت. دووەمیان زانیاری هەواڵگری لەسەر حكومەتی هەرێم‌و ئێمەش بە ئێران بدەن، لەسەر جولە‌و چالاكی سەركردایەتی سیاسی لە كوردستان.
شەقام: لایەن هەیە داوای لێكرابێت كادری حزبە رۆژهەڵاتیەكان تیرۆر بكات؟
حوسێن یەزدانپەنا: هەبووە داوای لێكراوە.
شەقام: لەهەرێمی كوردستان ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسییەكان هەیە، زانیاریتان هەیە لایەن هەبووبێت لەڕیزی ئەم ئەنجومەنە زانیاریی كۆبوونەوەكانی بە ئێران دابێت؟
حوسێن یەزدانپەنا: لەمبارەیەوە بەڵگەم لەبەردەستدا نییە.
شەقام: لەسەردەمی دوو ئیدارەیدا، دوای ئەو كاتیش كادرێكی زۆری حزبە رۆژهەڵاتیەكان تیرۆركران، كێ بەم كارە هەڵدەستا؟
حوسێن یەزدانپەنا: دوو دەزگای سەرەكی، یەكێكیان وەزارەتی ئیتلاعات، ئەوەی تریان هێزی قودسی سوپای پاسداران، یان ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لەلایەن ئەوانەوە دەكرا.
شەقام: وەك دەزانرێت زۆرینەی حالەتەكان لەسنووری سلێمانی بوو، كە یەكێتیی تێیدا باڵا دەستە. رۆڵی یەكێتیی لەمەدا لەكوێ دەبینی؟ ئایا یەكێتی وەك حزب هاوكار بووە، یان لەنێو ریزی یەكێتیی خەڵك هەبووە هاوكاری كردوون؟ یان حزبەكانی لەئیدارەی سلێمانی ئەوكات بوونیان هەبوو؟
حوسێن یەزدانپەنا: كۆمەڵێك هۆكار هەبوو، لەوانە بوونی بنكە‌و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەم ناوچانە، ئەمە وادەكات بۆ تیرۆری ئێمە تەركیز بخرێتە سەر سلێمانی، لەلایەكی ترەوە لەرووی سیاسییەوە ئاڵۆزی لە پارێزگای سلێمانی زیاتر بوو، ئەو مەركەزیەتیەی لەبەشەكانی تری هەرێمی كوردستان هەبوو، لە سلێمانی زۆر كەمتر بوو. بوونی كۆمەڵێك شەڕی نێوخۆ لەم ناوچەیە، جگە لەمەش ماوەیەك جۆرە ئەمارەتێك لەناوچەی هەڵەبجە دروست ببوو، ئەمانە هەموو هەلومەرجی خۆشدەكرد كە دەزگا تیرۆرستیەكانی ئێران، باشتر بتوانن چالاكیەكانی خۆیان ئەنجامبدەن. بۆیە بە ئاسایی دەبینم لە ریزی حزبە كوردستانیەكاندا، دوژمنەكان بتوانن لەئاستەكانی خوارەوەدا نفوز پەیدا بكەن. تەنانەت لەدوای راپەڕین خەڵك هەبووە بۆ دابینكردنی بژێوی ئاسایی خۆیان مامەڵەیان لەسەر خوێنی ئێمە دەكرد، بەڵگەم لەسەر ئەمە هەیە خەڵكی ئاسایی دوور لە  ئینتمای سیاسی بەڵێنی بەئێران داوە.
شەقام: بەڕای تۆ ئەم پەیوەندییانەی دەزگا سیخورییەكانی ئێران لەگەڵا هێزە سیاسییەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت؟
حوسێن یەزدانپەنا: نەخێر، لەگەڵا تەواوبوونی شەڕی ناوخۆ، ئەم دەرفەتانە لە ئێران بەسترا، پاشان لەگەڵا ئیستقراربوونی رەوشی سیاسی، بەرەبەرە ئەم مەسەلانە كۆتاییان هات. چونكە كەس نەیدەتوانی رێگا بەخۆی بدات خەریكی كاری تیرۆرستی بێت، دام‌ودەزگا ئەمنییەكانی كوردستان توانیان كۆنتڕۆڵی ئەم بارودۆخە بكەن. لەگەڵا هەموو ئەمانەدا پێویستە بە یاسا پەیوەندییەكان رێكبخرێت، دەوڵەت لەگەڵا دەوڵەت پەیوەندی هەبێ، نەك هەر حزب‌و گروپێك لەگەڵا دامودەزگای ئەمنی وڵاتێكی تردا پەیوەندی بگرێ‌و رێككەوتن بكا‌و ئەوانیش لێرە ئەوان بەڕێوەببەن، ئەمە مەترسی دروست دەكات.
شەقام: ئەمە لەسەر ئاستی حزبە كوردستانیەكانی هەرێم بوو، هەمان حالەت لەسەر حزبە رۆژهەڵاتیەكان، دەزگا سیخورییەكانی ئێران لەڕیزی ئەواندا چۆنە‌و بەچی خەریكن؟
حوسێن یەزدانپەنا: لەئاستێكی زۆر كەم‌و بەرتەسكدا دەتوانن بێنە ریزی حزبەكانەوە، ئەمەش مانای ئەوە نیە دەگەنە ئاستی سەرەوە، بەڵام لەئاستی خوارەوەدا خەڵكیان هەیە دەتوانن هەندێك زانیاری دەستبخەن كە گرنگ نیە.
شەقام: ئەگەر بەمجۆرەیە، بۆچی خەڵك هەبووە لەرۆژهەڵاتەوە هاتووە، لێرە كۆبوونەوەی كردووە‌و دواتر گەڕاوەتەوە، كاتێك گەڕاوەتەوە دەستگیركراوە‌و پێیان گوتووە لەكام هوتێل‌و كام جۆر خواردنت خواردووە، هەموو زانیاریەكیان لەسەری هەبووە، ئەمە چۆن بووە؟
حوسێن یەزدانپەنا: ئەم حالەتانەش دەتوانرێت هەبێت، بەڵام گشتگیر نیە.
شەقام: مانای توانای دەزگا سیخورییەكان هێندە بەهێز نیە بتوانێ ئاگاداری جموجۆلەكانی ئێوە بێت؟
حوسێن یەزدانپەنا: نەخێر، ئەو شتانەی كەبەشێكن لەنهێنیەكان هەر حزبێك‌و نامەنەوێت ئاگاداری بن، دەستیان پێناگات.
شەقام: ئێوە وەك پارتی ئازادی خەڵكتان دەركردووە لەسەر سیخوری كردن بۆ ئێران؟
حوسێن یەزدانپەنا: خەڵك هەبووە هاتۆتە ریزی پارتی ئازادی بەنیازی تیرۆر‌و سیخوری، پێی زانراوە‌و ئاشكراكراوە، هەبووە لەكوردستان دراوەتە دادگا.
شەقام: زۆرینەی ئەو كەسانەی ئێوە رووبەڕووی دەبنەوە كوردن؟
حوسێن یەزدانپەنا: بەڵێ، لەخەڵكی هەژارن، زۆرینەیان خەڵكانێكن دووچاری كێشە دەبنەوە، دەزگا ئەمنیەكان دۆخی لاوازی ئەوانە دەقۆزنەوە‌و بەكاریاندەهێنن، هەندێكجار دەست بەسەر باری بازرگانەكاندا دەگرن بۆ ئەوەی ناچاری ئەم كارەیان بكەن، بەڵام زۆرینەی داواكارییەكانیان رەتدەكرێنەوە.
شەقام: رەوشی كۆمەڵایەتی رۆژهەڵاتیەكان لەكوردستان لەچ بارێكدایە؟
حوسێن یەزدانپەنا: ئەندامانی ئێمە دووبەشن، ئەوانەی هەموو كاتی خۆیان بۆ حزب تەرخانكردووە، ئەوا حزب گوزەران‌و بژێوێكی مامناوەندیان بۆ دابیندەكات، ئەوانەی تر كەلەگەڵا كاری حزبی، كاری تر دەكەن ژیانی خۆیان دابیندەكەن بارێكی ئەوتۆ ناخەنە سەر شانی حزب.
شەقام: كامیان رەوشیان باشترە؟
حوسێن یەزدانپەنا: جۆرێك هاوسەنگی هەیە.
شەقام: پڕۆژەی وڵاتی سێیەم ئێستا لەچ ئاستێكدایە؟
حوسێن یەزدانپەنا: ئەمە بۆ ئەندام‌و كادرانی ئێمە زۆركەمە، ئەمە زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە كە لەكۆنەوە سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان بوون، یان لەئاكامی رووداوێكی سیاسی ناوخۆی رۆژهەڵاتەوە دووچاری ئاوارە بوون دەبن، دێنە ئێرە‌و بەویستی خۆیان دەیانەوێ بڕۆنە دەرەوە. لەگەڵا هەموو ئەمانەدا ئێستا پڕۆژەكە لەئاستێكی ئێجگار نزمدایە، چونكە روانگەی ئەو وڵاتانەی پەناهەندە وەردەگرن ئەوەیە كەهەرێمی كوردستان بارودۆخێكی ئارامی هەیە‌و دەتوانن تێیدا بحەوێنەوە.
شەقام: لەسەر بابەتەكەی قانعی فەرد، لەنووسینەكەتدا زۆر كەم بەلای مام جەلال رۆیشتی، لەكاتێكدا تاڵەبانی سەرپەشتیاری كتێبەكە بوو، ئێستاش ئەم مەسەلەیە زیاتر لەسەر ئەو شكاوەتەوە؟
حوسێن یەزدانپەنا: لەبەر ئەوەی خودی بەڕێز مام جەلال خۆی لەمەدا بەدوورگرت‌و قانعی فەردی بەجێی گومان دانا، لەبەر ئەوەی هەڵوێستی روونی خۆی دەربڕیوە. یەكێك لەئامانجەكانی پڕۆژەكەی دام‌ودەزگا سیخوریەكانی ئێران كەقانعی فەرد بەكاردەهێنن، ئەوەیە درزبخەنە نێوان پەیوەندی یەكێتیی‌و پارتی.
شەقام: بەڵام تاڵەبانی سەرپەرشتیاری كتێبەكەی دەكرد‌و دیدارەكانی زۆرینەی لەڕێگەی تاڵەبانی بۆ رێكدەخرا؟
حوسێن یەزدانپەنا: بەبڕوای من بینینی كەسانی جێگەی گومان لەلایەن سەركردەكانی كورد بەچاك ناشكێتەوە بۆ هیچ لایەك، بەگوێرەی تازەترین هەڵوێستی سكرتاریەتی مام جەلال، قانعی فەرد ئیمزای ئەوەی تەزویر كردووە.
شەقام: بەڵام هاوكارییە داراییەكەشی تاڵەبانی بۆی دابینكردووە؟
حوسێن یەزدانپەنا: بەبۆچوونی من لایەنی ئێرانی بەپیلان ئەم كارەیان كردووە، بەڵام لایەنی تاڵەبانی‌و یەكێتیی مەبەستیان ئەوە نەبووە ببنە یارمەتیدەر بۆ پڕۆژەیەكی لەمجۆرە.
شەقام: كەواتە فێڵیان لەتاڵەبانی كردووە؟
حوسێن یەزدانپەنا: دەتوانم بڵیم ئەم كابرایە بەپیلان‌و بەپلان هاتە پێشەوە، خۆ قانعی فەرد تەنها مام جەلالی نەبینیوە، بەڵكو زۆرینەی كەس ناسراوەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتیشی بینیوە ‌و دیمانە ‌و گفتوگۆیشی لەگەڵا كردوون. پێموایە نەدەبوو ئەمە ببێت.
شەقام: چارەسەر چیە؟ لەسەر كتێبەكە ناوی مام جەلال نووسراوە؟
حوسێن یەزدانپەنا: ئەمە شتێكە پێش ئەوەی بەدژی هەر كەسێك كرابێت، جۆرێك دژایەتی نەرمە لەگەڵا مام جەلال‌و خەوشداركردنی كەسایەتی ئەوە. لابردنی ناوی مام جەلال بەندە بەخۆی ‌و خۆلادانی ئەو.
شەقام: تاڵەبانی دەتوانێ داوای لابردنی ناوەكەی لەسەر كتێبەكە بكات؟
حوسێن یەزدانپەنا: ئەوە بەندە بەمەرجەكانی تاڵەبانی بۆ قانعی فەرد لەبڵاوكردنەوەی كتێبەكە. یەكێك لەئامانجەكانی ئێران ئەوەیە ئەم ئەزمونەی هەرێمی كوردستان بەبێ بناغە‌و ناڕەسەن ناوببات، چونكە ئەوەی ئێستا لەسەر بنەمای رابردووە، بۆیە ناشیرینكردنی ئەوان ناشرینكردنی ئێستا‌و داهاتووە. دوای ئەوەی لەنووسینەكەم قانعی فەردم ناساند، ئێستا كار لەسەر ئەو شتانە دەكەم كە ئەو دەستی پێوەگرتووە دەنووسم، بەسوود وەرگرتن لەبەڵگانامەكانی ساواك‌و بەریتانیا دەڵێم ئەوەی لەرزی خستبووە پشتی ئێرانەوە قازی محەمەد‌و بارزانی بوون چ لە كۆماری مەهاباد ‌و چ لەشۆڕشی ئەیلول، بەڵگەنامە بەریتانیەكان دەیسەلمێنێ ئەو سەركردانە چەندە جێگەی شانازین بۆ نەوەی نوێ.
شەقام: ئێوە ئیتر تەواو بوون. ئەم رستەیە چی لای تۆ دەگەیەنێ؟ روونتر بڵێم ئێوە تۆبەتان كردووە چیتر كاری سیاسی دژی ئێران نەكەن، بۆچی؟
حوسێن یەزدانپەنا: رێك بە پێچەوانەوە من لەوپەڕی گەرموگوڕی خەباتدام، پارتی ئازادی حزبێكی روو لە گەشەیە، مەگەر مەرگ من تەواو بكات لەخەباتی كوردایەتی، ئەگەرنا هیچ لەمپەرێك ناتوانێت كۆتایی بەمن بهێنێت. ئەو زانیاریانە هەواڵسازین كە دوژمنەكانی من‌و پارتی ئازادی بڵاویدەكەنەوە، چونكە یەكەم كەسێك لە ئێمە تیرۆركرا، ئاخر كەسیش لەحزبی ئێمە بوو تیرۆركرا. ئێستا رادەی ئەندامەكانمان لە زیاد بووندایە.










© هه‌موو مافه‌كان پارێزراون بۆ Shaqam.Net (هه‌موو مافه‌کان تایبه‌ته‌ به‌م سایته‌.)
کۆپی کردنی بابه‌ته‌کان به‌ هێنانی ناوی سایت و دانانی به‌سته‌ری سه‌رچاوه‌ رێگه‌ پێدراوه‌‌.

نوسراوه‌ له‌ به‌رواری : 16 گه‌ڵارێزان ، 2709 (556 خوێندراوه‌ته‌وه)

[ گه‌رانه‌وه ]

Powered By PHP-Nuke & Kurdish project By NajhSoft.Net



کردنه‌وه‌ی سایت له‌ ماوه‌ی‌ : 0.13 چركه‌