Skip to content
" دایەنگە و باخچەی ساوایان جێی ئومێدی دایكان نین"

بێگومان گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و ئابووری لەمڕۆدا دەرفەتێكی وای رەخساندوە كە ژنانیش هاوشانی هاوسەرەكانیان بێنە مەیدان و لە دابینكردنی بژێوی خێزاندا بەشداربن ئەو دایكەی كە دوێنێ ئەركی تەنها پەروەردەكردنی منداڵەكانی بوو ئێستا 4 تا 6 كاتژمێر لە دەرەوە كار دەكات، كە بێگومان رۆژانە دەستوپەنجە نەرم دەكات لەگەڵ ئەو گرفتانەی بەهۆی كارەكەیەوە بۆی دروست دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش دایكانێك كە فەرمانبەرن و منداڵی بچووكیان هەیە، رووبەڕووی گرفت دەبنەوە بەهۆی ئەوەی لەلایەك كاری فەرمانبەری دەكەن، بۆیە بەپێویستمان زانی بەدواداچون بۆ كێشەكانیان بكەین و لە خۆیانەوە گوێبیستی ئەو گرفتانە ببین.

شەقام. ئا:دۆسیەی كۆمەڵایەتی

كاروان كەریم كە خۆی و خێزانەكەی فەرمانبەرن، دەڵێت " كێشەی سەرەكی ئێمە منداڵەكەمانە چونكە دایكی فەرمانبەرە و كاتی دەوامی ناگونجێت لەگەڵ كاتی دەوامی باخچەی ساوایان كە كاتژمێر 12 تەواو دەبێت و دایكی كاتژمێر 2 دەوامی تەواو دبێت بۆیە زۆرجار گرفتمان بۆ دروست دەكات"، هەروەها ئاماژە بەوەشدەكات كە ناتوانێت لەگەڵ خۆی بەرێت بۆ فەرمانگە و تا دێتەوە لەماڵی یەكێك لە دراوسێكانی دەبێت.

لاجان كە مامۆستایە وتی "من منداڵێكی بچوكم هەیە و دەبێت لە دایەنگە دایبنێم بەڵام گرفتی من ئەوەیە كە ئەو رۆژانە كاتژمێر 3:5 دەبێت وەریبگرمەوە و ئەو رۆژانەی كە نیوەڕوانم كاتژمێر 5:00 تەواو دەبم بۆیە دەبێت دوو كاتژمێر مۆڵەت وەربگرم لە قوتابخانە كە ئەمەش گرفتم بۆ دروست دەكات "ئەوەشی نەشاردەوە كە كرێی مانگانەی زۆرە و بەڵام وتی "لام گرنگ نیە چونكە منداڵەكەم باش پەروەردە ئەكەن و ئەو شوێنەم زۆربە دڵە".

سۆما كە فەرمانبەری پەیمانگایە سەبارەت بە كێشەی خۆی وتی "من دوو منداڵم هەیە و یەكێكیان لە باخچەی ساوایانە و ئەوی تریان لە دایەنگایە كە زۆر گرفتم بۆ دروست دەكەن سەبارەت بەوەی لە باخچەی ساوایانە كێشەی كاتەكەمە لەگەڵی كە دەبێت كاتژمێر 12 وەریبگرمەوە كە خۆم تا كاتژمێر 2:00 دەوامم هەیە، سەبارەت بەوەی كە لە دایەنگەیە كێشەی ئەوەیە كە دەبێت كرێیەكی زۆر بدەم بەرامبەر راگرتنی منداڵەكەم كە بڕەكەی 120000 دینارە و سەرەڕای ئەوەش كرێی سەیارەش ئەدەم چونكە دوورە لای ماڵمان كە هیچی لەو كەمتر نیە، كە مانگانە زیاتر لە نیوەی مووچەكەم دەبات كە وەریدەگرم.

 لای خۆشییەوە تارا محمد كە فەرمانبەرە وتی "من و هاوسەرەكەم فەرمانبەرین تەنها كێشەمان منداڵەكەمانە، چونكە كەسێكی وام نیە منداڵی لا بەجێبهێڵم و پارەی دایەنگەشم پێنادرێت چونكە كرێكەی بەرزەو كرێنشینین ئەمەش گرفتە بۆیە زۆر جار دەبێت لای دراوسێكەمان بەجێی بهێڵم". بەڵام كەنار رەسول كە مامۆستایە وتی "من خاوەن كچێكم كە لەباخچەی ساوایانە زور گرفتم هەیە چونكە كاتەكەی ناگونجێت لەگەڵ كاتی دەوامی مندا بەتایبەتی ئەو رۆژانەی نیوەڕوانم دەبێت لەگەڵ خۆم بیبەم بۆ قوتابخانە یان لای كەسێك بەجێی بهێڵم" بە ووتەی ئەو دەڵێت "پێویستە حكومەت و وەزارەتی پەروەردە چارەسەرێك بۆ گرفتی ئەو دایكانە دابنێن" مەهدیش كە كەسێكی كاسبە وتی "من خاوەن دوو منداڵم كە دایكیان مامۆستایە و دەبێت رۆژانە ئاگام لە منداڵەكان بێت تا دایكیان دەگەڕێتەوە چونكە توانام نیە بیانخەمە دایەنگاو كرێچیم بۆیە ناچارم كاتی كارەكەم بگونجێنم لەگەڵ كاتی دەوامی هاوسەرەكەم ".

سەبارەت بە كێشەی باخچەی ساوایانەكان (ئیسماعیل بەرزنجی) وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە (شەقام)ی راگەیاند "بەردەوام كار دەكەین بۆ زیادكردنی باخچەی ساوایان لە هەموو شار و شارۆچكەكان بەڵام جارێ هیچ پلانێكمان نیە بۆ درێژكردنەوەی ماوەی دەوام كردن لەو باخچانەدا و هیچ بڕیارێكی لەو جۆرەشم بەرچاو نەكەوتووە ".

لەلایەكی تریشەوە د.نوری بەرپرسی بەشی دایەنگەكان لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بۆ (شەقام) ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان دایەنگەیان لە زۆربەی شوێن و گەڕەكەكان هەیە، هەندێكیان حكومین و هەندێكیان تایبەتن، سەبارەت بە كێشەی ئەو دایكانەش كە مامۆستان وتی "راستە كە دەوامی ئاسایی تا كاتژمێر 3،30 بەڵام لە زۆر لە دایەنگە ئەهلیەكان ئێشكگریان هەیە و دەتوانن ئەو دایكانە پارەی زیاتر بدەن و منداڵەكانیان تا ماوەیەكی زیاتر دابنێن".

 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌