| منداڵ و سێكس(1) پەروەردەی خێزانی پێش چوونە قوتابخانە |
|
پێویستە ئاماژە بۆ ئەوەش بكرێت كە باسكردنی پێشوەخت و بە پەلەو ناشیانەی بابەتی جنسی بۆ منداڵ بە هەمان ئەندازەی دواخستن و شاردنەوە یان پشتگوێ خستن مەترسیدارە. ئەوە لە ئەستۆی دایك و باوكە كە لە ماوەی گەشەو بە درێژایی چەندین مانگ، هەفتە و چەندین ساڵ لە پێشهات و بارودۆخە تایبەتەكاندا، بەپێی تەمەنی منداڵ، لەڕێگەی قۆستنەوەی هەلی گونجاو، پیشاندانی كار و بەرنامە، بابەتە پێویستەكان بۆ منداڵ روون بكەنەوە. بێگومان ئەگەر دایك و باوك وەڵامی پرسیارە جنسیەكانی منداڵ لەبارەی جنسەوە بدەنەوە، مەترسی لادان لەبارەی بابەتی جنسیەوە كەمتر دەبێت.
وەڵامدانەوەی پرسیاری جنسی منداڵان زۆربەی دایك و باوك لە وەڵامدانەوەی پرسیارە جنسیەكانی منداڵاندا، ڕووبەڕووی ئەم كێشانەی لای خوارەوە دەبنەوە: 1.شەرم كردن 2.دەیانەوێت راستیەكان بڵێن، بەڵام نازانن بە چ شێوازێك گونجاوە. 3.هەندێك دەترسن كە وەڵامی ئەو پرسیارانە فێری شتی خراپیان بكات. ئەو چەند خاڵەی سەرەوە هۆكارن بۆ ئەوەی كە دایك و باوك وەڵامی پرسیارەكانیان نەدەنەوە یان هەریەكەیان وەڵامەكە بەوی تر بسپێرێت وەیان بڵێن (تۆ جارێ منداڵی، كە گەورە بوویت خۆت تێدەگەیت). پەیامی ئەو جۆرە وەڵامانە ئەوەیە كە ئەو بابەتە هێڵی سوورە، بەڵام منداڵان لەو بێ مەیلیەی دایك و باوكان تێدەگەن. لەكاتێكدا كە لێكۆڵینەوەكان ئەوە دەرئەخەن كە هەرچۆنێك بێت منداڵ یان هەرزەكار بەڕێگای جیاوازەوە ئەو وەڵامانەیان دەست دەكەوێت. پرسیارە جنسیەكانی منداڵ شتێكی ئاساییەو هەرگیز نابێت بەو هۆیەوە سەرزەنشت بكرێت. پرسیاری منداڵان هەمیشە لەبارەی درووست بوونیانەوەیە، كە چۆن دروست بوون و چۆن هاتوونەتە دنیاوە. پرسیاری وەك: (منت لە كوێ هێنا؟) یان (منداڵ لە كوێوە دێت؟) یاخود (من لە كوێ بووم؟). ئەم پرسیارانە نیشانەی لادانی سێكسی نیە، بەڵكو مەبەست لێی، ڕاكێشانی سەرنج و حەز كردن بە زانین و كات بەسەربردنە. تەمەنی 3-4 ساڵی تەمەنی پرسیارو وەڵامە بۆ منداڵان و پرسیارە جنسیەكانیش زۆرجار لەو تەمەنەوە دەستپێ دەكەن. لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا پێویستە ئەوە لە بەرچاو بگیرێت كە فێركردنی منداڵ دەبێت پلە بە پلە بێت و نابێت هەموو وردەكاریەكانی بەیەك جار پێ بوترێت، پێویستە وەڵامی پرسیارەكانیان كورت و سادە بێت، بە تەنها دوو یان سێ ڕستە وەڵام بدرێنەوە. هەندێك جاریش دۆزینەوەی سەرچاوەی پرسیارەكەی گرنگە، بۆ نموونە، ئایا لە تەلەفزیۆن شتێكی بینیووە؟ ئایا مامۆستاكەی سكپڕ (زەیستان)ە؟ ئایا برادەرەكەی شتێكی وتوە؟ زانینی سەرچاوەی پرسیارەكەی، كاری وەڵامدەرەوەكە ئاسانتر دەكات. لە تەمەنی 3-4 ساڵیدا، منداڵان جەستەی خۆیان دادەپۆشن و شەرم دەكەن كە كەسێك جەستەیان ببینێت. پێویستە دایك و باوكیش هانیان بدەن لەسەر ئەوە بۆئەوەی بێ شەرمانە خۆیان رووت نەكەنەوە بە تایبەتی لە تەمەنی گەورەتردا. لە تەمەنی 5-6 ساڵیدا، چالاكی هۆرمۆنە جنسیەكان كەمە، بۆیە پێویستە تەنها وەڵامی كورت و راستی بدرێتەوە. لە تەمەنی 7 ساڵیدا، كوڕان خۆشەویستیان بەرانبەر كچان دەردەبڕن. بەڵام ئەم خۆشەویستیە لایەنی دۆستایەتی دەگرێتەوە نەك جنسی، بۆیە جێگەی نیگەرانی نیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە كە نوێنیان جیانەكرێتەوە. هەندێك لە دەروونناسان تەمەنی 7-12 ساڵی بە تەمەنی (شاردنەوەی جنسی) ناودەبەن. كەواتە بەرنامەی جنسی پێویستە لەگەڵ ئەو شاردنەوەی مەیلە جنسیە بگونجێت و دووربكەوینەوە لەهەر كردارێك كە ببێتە هۆی ورووژانی جنسی. لە وەڵامدانەوەی پرسیاری منداڵاندا پێویستە ڕەچاوی چەند خاڵێك بكرێت: 1.پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە فێركردن لەو بارەیەوە دەبێت پلە بە پلە بێت و پێویست نیە هەموو وردەكاریەكان بەیەكجار پێی بوترێت. لە ڕاستیدا دەبێت دووربكەوینەوە لە روونكردنەوەی نابەجێ. 2.لە وەڵامدانەوەدا درۆ نەكرێت. 3.وەڵامەكان راست بن و خورافی نەبێت. 4.وەڵامی پرسیارەكان بە زمانێكی سادە و سانا بن بۆ تێگەیشتن. 5.وەڵامەكان باوەڕپێكەر بێت. 6.لەگەڵ تەمەن و دركی منداڵ دا بگونجێت. 7.وەڵامەكان تێكەڵ بە قەشمەری و هەرزەیی نەبێت. 8.شێوازی روونكردنەوە بە جۆرێك بێت كە منداڵ رازی بكات و هەست بكات كە بابەتەكە درووست كراو نیە. 9.بەسەرخۆماندا زاڵبین . واتە خۆمان كۆنترۆڵ بكەین و بهێڵین منداڵ پرسیارەكەی بە تەواوی ڕوونبكاتەوە. 10.گوێگرێكی باش بین، بەو واتایەی كە مەجالی منداڵ بدەین پرسیارەكەی تەواو بكات. 11.ئەگەر هەستمان كرد كە لەكاتی قسەكردن لەگەڵ منداڵەكەماندا شتێكمان بە هەڵە وتوە، دان بە هەڵەكەماندا بنێین و پاشان ڕاستی بكەینەوەو بۆی ڕوون بكەینەوە كە زانیاریمان لەو بارەیەوە كەم بوە. ئێستا كە دەربارەی ئەوە خوێندنەوەم كردوە، ڕاستیەكەی بەم جۆرەیە. 12.دەبێت بەردەوام ئەو مەسەلەیە لەبەرچاو بگیرێت كە لە وەڵامدانەوەی پرسیارە جنسیەكاندا تاڕادەیەك شەرم و حەیا پێویستەو دەبێت لە وەڵامدانەوەی بێ شەرمانە دوور بكەوینەوە. سەرچاوە: happyiranian .com |
سەرەڕای بوونی بڕیارێكی حكومەت بۆ داخرانی..بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەمای هەرێم هەفتەی سینەمای كوردی لە 50 شارو شارۆچكە بەرێوەدەبات
ئەو ئافرەتانەی خاوەن پێستی هەستیارەكان..ئامۆژگاری بۆ ئەو ئافرەتانەی پێستیان هەستیارە لەم وەرزەدا چۆن پێستیان دەپارێزن
ماهیر حەسەن موعجیبی شەمۆیە " ئەگەر شەمۆ دەرهێنەری باشی لەگەلدا بێت هیچی كەمتر نابێت لە عادل ئیمام و سەمیر غانم"
سایكۆلۆژیای هاوسەرگیری...حەوت ئامۆژگاری بۆ ئەو پیاوانەی دەیانەوێت بەخۆشگوزەرانی لەگەڵ ژنەكانیان بژین