| ماهیر حەسەن موعجیبی شەمۆیە " ئەگەر شەمۆ دەرهێنەری باشی لەگەلدا بێت هیچی كەمتر نابێت لە عادل ئیمام و سەمیر غانم" |
|
شەقام. نەوزاد سەلیم شەقام: ئێوە لە تیپی شانۆی رەنگاڵە كار لەسەر دەقی وەرگێردراو دەكەن، كاركردنی ئێوە بەهۆی ئەوەیە كە ئێمە دەقنوسی باشمان نیە یانیش هۆكار چیە؟ ماهیر حەسەن: ئێمە ئەگەر نووسەری خۆماڵیمان هەبێت پەنا نابەینە بەر دەقی وەرگێردراو، بەڵام نوسەرەكانمان ئەوانەی كە پێشتر دەقیان دەنووسی ئەوان نەمان و هەریەكەیان بەلای كارێكدا رۆیشت و ئێستاش نوسەری باش نیە كە دەقی كوردی بنوسێت و مۆركی كوردی پێوە بێت، بۆیە ناچارین پەناببەینە بەر دەقی وەرگێردراو كە لەلایەن مامۆستا تۆفیق عەبدول و د.شێركۆ عەبدوڵڵا وە وەردەگێردرێن و دەقەكانیش لە ئەسلدا مسیری و سوورین و ئەو وەرگێرانە بەرگی كوردی لەبەردەكەن و وای لێدەكەن كە لەگەڵ كۆمەڵگای كوردیدا بگونجێت. شەقام: ئەو كارانەی كە دەیكەن كارەكان لەو ئاستەدا بوون كە بتوانن بمێننەوە؟ ماهیر حەسەن: كارەكان بەشێوەیەك وەردەگێردرێن و دەكوردێنرێن كە توانیویانە كاریگەری ئیجابیان هەبێت لەسەر بینەر و دەقە وەرگێردراوەكە وایكردووە كە هەر كارێك یادگارییەك بەجێ بێلبێت لالەلای ئەوانەی كە شانۆیەكە دەبینن، هەندێ شانۆی وەكو (قوتابخانەی گەل خوێنەكان و مشەخۆرەكان و ....) ئەوانە چەندینجار دووبارە و سێ بارە نمایشكراونەتەوە ئەوەش دەلالەت لەوە دەدات كە بابەتەكان لەناخی خەلكدان ئێمە كارێك ناكەین نامۆبێت بەخەلك ئەو كارانەی كە دەكرێن بە رۆحێكی كوردانەوە دەكرێن. شەقام: ئێوە كە دەقەكان لە میسری و سورییەوە وەردەگێرنە سەر كوردی، دەتوانین بڵێین لەو بابەتانەی كە باسی دەكەن لێكچوون هەیە لەنێوان ئەو دەسەڵاتەی كە لە میسرو سوریادا هەیە و لەگەل ئەوەی كە لە كوردستاندا هەیە؟ ماهیر حەسەن: گەندەڵی لە هەر وڵاتێكدا بێت هەر گەندەڵیە، ئەو كەوموكورتیانەی كە هەن تەنیا لە كوردستاندا نین بەڵكو لە زۆرێك لە وڵاتانی تریش هەن، هیچ جیاوازییەك نیە لەنێوان گەندەڵی لە میسرو سوریاو كوردستان. شەقام: كارەكانتان بەشێوەی تەنزئامێزە پێتانوایە بارودۆخی ئێستای لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بەتایبەت لەلایەنی هونەری پێویستی بەوە نیە كە شانۆیەكی لەسەر ئامادە بكرێت و میوانداری هەموو بەرپرسەكان بكرێت؟ ماهیر حەسەن: بەداخەوە لەهەموو دنیادا ئەوانەی بەرپرسی باڵان كاتی ئەوەیان هەیە دابنیشن لەبەردەم شانۆیەك یان سەمفۆنیایەكی موزیكی یان هەر نمایشی هەر هونەرێكی تر، بەڵام ئەو كەسانە كە بەشی ئەوەیان هەیە كەچی ناچن، پێویست بوو ئەو بەرپرسە باڵایانە بە بەرپرسانی هەرێمیشەوە بەدوای ئەوكارانەدا بچن بۆئەوەی بزانن كارەكان لە چ ئاستێكدان، باوەرناكەم هیچ بەرپرسێك هەبێت و راوێژكاری نەبێت، دەكرێت لەرێگای راوێژكارەكەیەوە ئاگادار بكرێتەوە كە كاری وا هەیە، هەست دەكەین بایەخێكی وا بۆ هونەر دانانێن، ئێمە داوامان كردووە، بەڵام ئامادە نەبوون و هەندێكیان ئامادە بوون و بلیتیان كریوە، بەڵام هەموویان نا بەتایبەت باڵایەكان نەهاتوون، ئەگەر ئێمەش نمایشی كارێكی وا بكەین ئایا ئەو كەسانە ئامادەن بێن و كاتی خۆیان بۆ ئەوە تەرخان بكەن؟ شەقام: هونەرمەندان گلەیی دەكەن تۆ گلەییەكانیان بەگونجاو دەزانی كە دەڵێن حەقمان پێنادرێت؟ ماهیر حەسەن: هونەرمەندان سەبەب خۆیانن نەك حكومەت، حكومەت پارەیەكی زۆریان بۆ خەرج دەكات، پێشتر ئەو كارانەی كە ئەنجامدەدران دەیانتوانی بینەری باش لە دەوری خۆیان كۆبكەنەوە، بەڵام ئەوكارانەی ئێستا ناتوانن بەو شێوەیە بن و هونەرمەندان بەهەموو لایەنەكان دەبێت خۆیان پیبگەیەنن و كارەكانیان لەو ئاستەدا بێت كە بتوانێت پارە بكات لە بازار دا و بتوانن لەسەر داهاتەكەی بژین، ئەو كارانەی كە دەكرێن كاری نوخبەوین واتە نوخبەیەك سەیری دەكات نەك هی جەماوەر بێت و رۆچوبێتە ناو خەڵكەوە، هەر كارێك توانی بچێتە ناو ناخی خەڵك ئەوكارە دەتوانێت پارە بكات و هونەرمەندەكە پێوبیستی بەوە نابێت حكومەت پارەی بداتێ، تەنیا ئەوەیە لەلایەنی تەكنیك و دەنگ و ...دەبێت بۆی دابین بكرێت. كارەكان دەبێت لایەنێكی بارزگانی پێوەبێت واتە دەبێت كارەكان بتوانن لە بازاردا جێگای خۆیان بگەنەوە و ئەو كارە بێت كە خەڵك دەیەوێت نەك كارێك تەنیا نوخبەیەك سەیری بكات. شەقام: لەبارەی كوژرانی تۆ لە زنجیرە درامای گەردەلولدا هونەرمەند كەمال چالاك دەڵێت "جەلیل زەنگەنە هەڵەی كردووە كە ماهیری كوشتوە چونكە ئێستا زەنگەنە پێویستی بەماهیرەو نازانێت چۆن بیگەرێنێتەوە"، زەنگەنەش دەلێت "نەدەكرا ماهیر لەناو قوە خاصەیەكی گەورەدا رزگای ببێت خۆ سۆپەرمان نیە"، تۆ چ قسەیەكت هەیە؟ ماهیر حەسەن: ئەو كارەی گەردەلول كە كراوە پێموایە بەنەفەسێك كراوە كە یەك بەش بێت، بەڵام دواتر كە سەدای هەبوو وایكرد كە بەشەكانی تری بۆ زیاد بكرێت، ئەو قسەیەی كە زەنگەنە كردویەتی گونجاوە چوار دەورت گیراوە بە قوەخاصە چۆن دەكرێت لەو كارەدا بەزیندووی دەربچیت، دەبێت بەشێوەی سۆپەرمان بێت ئەوەش ناكرێت. شەقام: تۆ حەزت بەوە بوو كە زوو كوژرای؟ ماهیر حەسەن: كوژرانی عەباسەفەندی قوەتەكەی لەوەدابوو، خۆ ئەگەر تاوەكو ئێستا مابایە وانەدەبوو و وا خۆشەویستیش نەدەبوو. شەقام: لەنامەكانی ئەشرەفدا رۆلی ئەشرەفت بینی، چەندە توانیت ئەوەبكەی كە تۆ و دەرهێنەر دەتانویست؟ ماهیر حەسەن: بەتاكید توانیم ئەوە بكەم كە من و دەرهێنەر دەمانویست، ئەوەش بە شایەتی جەماوەر، من توانیم زیاد لە حەد ئەوە بگەیەنم كە دەمویست، بەڵام ئەو كارەش بێ كەموكورتی نەبووە. شەقام: كۆمەڵە ئەكتەرێكی باشمان هەن لەبواری كۆمیدیادا، بۆچی نەتانتوانیوە پێوە یەكبگرن و كارێك بەهاوبەشی ئەنجامبدەن؟ ماهیر حەسەن: ئەوە دەوەستێتە سەر ئەو دەرهێنەرەی كە كارەكە دەكات چونكە ئەو حوكم لەسەر ئەوە دەدات كە كێ بەشدار بێت یان كێ بەشدار نەبێت منیش حەزدەكەم پێكەوە بەشداربین، بەڵام لەوانەیە كارەكە وای نەوێت. شەقام: هەندێ جار بە عادل ئیمامی كوردی ناوت دەبەن، پێتوایە ئەوە زیادەرەوییە دەكرێت؟ ماهیر حەسەن: زۆر سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم كە وادەڵێن، ئێمە هونەرمەندی باشمان هەیە، بەڵام پاڵپشتی ناكرێن مەبەستم پاڵپشتی لەرووی مەعنەوییەوە وە لەرووی دابینكردنی ئەو پێداویستیانەی كە لەكارێكدا پێویستی پێیەتی وەكو لایەنی دیكۆرات و كامیراو تەكنیك و....هەر كاتێك ئەوانەی باسمكردن بۆ هونەرمەند دابین بكرێت هونەرمەند دەتوانێت سەركەوتوو بێت. شەقام: پێتوایە كێ عادل ئیمامی كوردییە؟ ماهیر حەسەن: لەوانەیە خەلك هەبێت سەیری بەرهەمێك بكات بڵێت ماهیر حەسەن، سەمیر غانمە، لەوانەیە هەبێت خەڵكی تر هەلبژێرێت، بەڵام هونەرمەندی باشمان هەن لەوانە كاك موستەفا و كاك ئەیام ئەكرەم و....، من خۆم زۆر موعجیبم بە شەمۆ ئەگەر شەمۆ دەرهێنەری باشی لەگەڵدا بێت هیچی كەمتر نابێت لە عادل ئیمام و سەمیر غانم |
سەرەڕای بوونی بڕیارێكی حكومەت بۆ داخرانی..بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەمای هەرێم هەفتەی سینەمای كوردی لە 50 شارو شارۆچكە بەرێوەدەبات
ئەو ئافرەتانەی خاوەن پێستی هەستیارەكان..ئامۆژگاری بۆ ئەو ئافرەتانەی پێستیان هەستیارە لەم وەرزەدا چۆن پێستیان دەپارێزن
ماهیر حەسەن موعجیبی شەمۆیە " ئەگەر شەمۆ دەرهێنەری باشی لەگەلدا بێت هیچی كەمتر نابێت لە عادل ئیمام و سەمیر غانم"
سایكۆلۆژیای هاوسەرگیری...حەوت ئامۆژگاری بۆ ئەو پیاوانەی دەیانەوێت بەخۆشگوزەرانی لەگەڵ ژنەكانیان بژین