Skip to content
خانمە گۆرانی بێژی لوبنانی ئەمەل حیجازی بۆ (شەقام):وەك ئاوازی توركی، ئامادەم ئاوازی كوردیش بەكار بێنم

ئەمەل حیجازی 33 ساڵ پێش ئێستا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەدایك بووە. ئەمەل سەرەتا نمایشكاری جلوبەرگ بوو دواتر لەساڵی 2001 یەكەم ئەلبومی خۆیی بەناوی (اخر غرام) بڵاوكردەوە و دواتر چەند بەرهەمێكی تری بڵاوكردەوەو توانی ناو و ناوبانگێكی زۆر بۆ خۆی دروست بكات، لەگەل ئەو ناوبانگیەشدا هەمیشە تووشی رەخنە بۆتەوە. لە وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێكی (شەقام)دا باسی كارەكانی خۆیی و باسی ئەو هونەرمەندانە دەكات كە كار لەسەر وروژاندن دەكەن و ئەو پێیوایە ئەو كەسانە هونەرمەند نین.

شەقام.نەوزاد سەلیم

شەقام: دوای ئەوەی ژیانی هاوسەریت پێكهێناو هەر زووش بووی بەدایك، ئەوە چەندە كاریگەری هەبوو لەسەر كارە هونەرییەكانت؟

ئەمەل حیجازی: بێگومان ئەو كاریگەری خۆی هەبوو لەبەرئەوەی دەبوایە كاتی بۆ تەرخان بكەم، بەڵام ئەو كاریگەرییە نەگەیشتە ئەو رادەیەی كە دەست لەكاری هونەری هەڵگرم و دووركەومەوە لێی، بەڵكو تەنیا بۆ ماوەیەكی كاتی لە كارەكان دووركەوتمەوە و دواتر بەتەواوی هاتمەوە سەر كارە هونەرییەكانی خۆم.

شەقام: ئەگەر سەیری كلیپەكانت بكەین دەبینین بەشێوەی جیاواز دروستت كردون، هەندێكیان خەماوی بوون و هەندێكی تریان سەمات تێدا كردوون، كامەیان توانیویەتی كاریگەری ئیجابی هەبێت لەسەر جەماوەر؟

ئەمەل حیجازی: من ناتوانم بەتەواوی بریار بدەم كە كامە كاریان كاریگەری زیاتری هەبووە، چونكە بەلای منەوە هەردووكیان زەرور بوون هەبن تاوەكو جەماوەرەكەت لێت بێزار نەبێت تەنیا بەیەك جۆرە ستایل بۆیە من پێموایە هەردووكیان كاریگەری ئیجابی خۆیان هەبوو لەسەر جەماوەر.

شەقام: كاتی خۆی شێوەی خۆت گۆڕی و رووبەرووی رەخنە بوویەوە، بۆچی ئەوكاتی شێوەی خۆت گۆڕی و دواتر هەر هاتیەوە سەر شێوە كۆنەكەت؟

ئەمەل حیجازی: ئەو گۆڕانكارییەی كە ئەوكاتی كردم لەسەر داوای دەرهێنەری كلیپەكە بوو چونكە ئەو وای بەگونجاو زانی بۆیە منیش شێوەی خۆم گۆڕی نەشمزانی كە رووبەرووی ئەو رەخنانە دەبمەوە، بەڵام دواتر هەر زوو بریارمدا بگەڕێمەوە سەر شێوە كۆنەكەی خۆم.

شەقام: رەنگە زۆرجار ئەوە ببیستین كە هونەرمەندە كچەكان بۆ ناوبانگ پەیداكردن پشت بە وروژاندن دەبەستن، تۆ رات چیە لەسەر ئەمە؟

ئەمەل حیجازی: منیش دەڵێم بەشێكیان دەیانەوێت بەوە خۆیان بناسێنن، بەڵام ئەوە هیچكات بە هونەر دانانرێت و من ئەوكەسانەش بە هونەرمەند دانانێم جا ئەو كەسانە نەك تەنیا عەرەب بن با لەهەر نەتەوەیەكی تر بن، بەڵام ئەو كارەش رەنگە بەهۆی حەزی هەندێ كەسەوە بێت كە هەندێ كەس حەز بەو جۆرە ستایلە دەكەن.

شەقام: هەندێكیشیان پشت دەبەستن بە جوانیان، ئەی لەسەر ئەمە رات چیە؟

ئەمەل حیجازی: ئەو جۆرانە بۆ ماوەیەكی كاتی ناویان دەبێت دواتر ناویان نامێنێت و كەسیش حیسابیان بۆ ناكات.

شەقام: كاتی خۆیی لەسەر كلیپی (بیاع الورد) تووشی كێشە بووی دواتر باسیان دەكرد كە وڵاتی كوێت رێگانادات تۆ بچیتە ناو وڵاتەكەوە و....ئەو جۆرە كێشانە چەندە ئاستەنگ بوون لەبەردەم كارەكانت؟

ئەمەل حیجازی: ئەوەی ئێوە باسی دەكەن ڕاست بوو گرفت بوون، بەڵام بەو شێوەیە گەورە نەبوون كە باسی لێوە دەكراو و گەورە كرابوون، هەوڵیشم دا كاریگەرییەكی وایان بەسەر منەوە نەبێت.

شەقام: ئەوەی ئاگادار بین پابەندی هەندێ ئەركی ئاینیت؟

ئەمەل حیجازی: بەڵێ لە رۆژو گرتن و نوێژكردن و زۆر لایەنی تردا من باشم، پابەندبوونێكی باشیشم پێیانەوە هەیە بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا.

شەقام: زۆرجار هونەرمەندان دەڵێن كە خەڵكانێك هەن دژیانن ئەوە بەرامبەر تۆش هەیە؟

ئەمەل حیجازی: بەلێ هەبووە، بەڵام ناتوانم ناوی كەس بێنم، هەدەفی ئەو جۆرە كەسانەش لەناوبانگ دانی كەسەكانە.

شەقام: زۆرجار كە باسی لوبنان دەكرێت، ئەوە دەوترێت كە خەڵكەكەی عاشقی ئازادییە، تۆ وەكو لوبنانیەك هەستت چۆنە بەرامبەر بە نەتەوەیەكی زولملێكراوی وەكو كورد كە لە سێ وڵاتدا مافی خوراوە؟

ئەمەل حیجازی: ئەو ئێش و ئازارەی كە بەسەر گەلی لوبناندا هاتووە وایكردووە كە ئێمە هەست بەحالی هەموو ئەو وڵاتانە بكەین كە حاڵیان وەكو ئێمەبووە بۆیە ئەوەی نەتەوەی كوردیش من پێشوتریش وتومە ئەوە زوڵمێكە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە لێیدەكرێت و دەبێت وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی قسەی لەسەر بكەن و هاوكاریان بن لەماف وەرگرتنەوەی كورد.

شەقام: كاتی خۆی ئاوازی توركیت بەكارهێنا لە گۆرانیەكانی (زمان) و (اخر غرام) دا، ئەگەر بێت و ئاوازێكی كوردی هەبێت ئامادەی بەكاری بێنیت؟

ئەمەل حیجازی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە چونكە من هەر كارێك لای من جوان بێت حەزدەكەم كاری لەسەر بكەم و بەكاری بێنم، من زۆر گوێش بەوە نادەم كە ئەوە كاری وڵاتانی ترەو نابێت بەكاری بێنیت، لای من ئاساییە سود لە موزیكی هەر وڵاتێكی تر وەربگرم.

 

بابه‌تی هه‌ڵبژارده‌